حكومەتی ھەرێم لە رێگەی لیژنەیەك قەرزی كۆمپانیاكان وەردەگرێتەوە
ھەر كۆمپانیایەك قەرزەكە نەداتەوە رێكاری یاسایی لە دژی دەگیرێتەبەر
K24 - ھەولێر
رێکارەکانی وەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیاکان، کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدایە دەستیپێکردووە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە قەرزەكان وەردەگرێتەوە.
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ کاروباری وەبەرھێنان دەڵێت "لیژنە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان پێکھاتووە حکومەتیش مافی خۆیەتی ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی پەرە به ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان بدرێت".
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ كاروبارى وەبەرھێنان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئاشكرای دەكات، بەھۆی ئەم بارودۆخەوە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە دوا کەوتووە، بەڵام رێکارەکان دەستیپێکردووە لە نزیکترین کاتدا دەست بە وەرگرتنەوەیان دەکرێت، ھەر کۆمپانیاییەکیش قەرزەکەی بە حكومەت نەداتەوە رێکاری یاسايی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
دەشڵێت "بە وەرگرتنەوەی قەرزەكان حکومەتی ھەرێم بوجەیەکی باشتری لە بەردەست دەبێت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و جێبەجێ کردنی پڕۆژەی زیاتر".
لەوبارەوە محمد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانيش دەڵێ حکومەتی مافی خۆیەتی ئەو قەرزە وەربگرێتەوە، چونكه ساڵانێکى زۆرە کۆمپانیاکان خۆیان لە دانەوەی ئەو قەرزە دەدزنەوە، بۆیە حکومەت لە رێگەی لیژنە یاساییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بانکەکانەوە، دەست دەکات بە وەرگرتنەوەی قەرزەکە ھەرکۆمپانیاییەکیش قەرزەکەی نەداتەوە دەست بەسەر موڵکەکانیدا دەگیرێت.