حکوومەتی سووریا: هیچ هێزێکی سەربازی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود نامێنێت
بەرپرسێکی حکوومەتی سووریا ڕایدەگەیەنێت: بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئەنجوومەنەکانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب کراوە، ئەو گەڕەکانە لە هێزی سەربازی پاک دەکرێنەوە.
سەرەتای ئەم مانگە ئەنجوومەنەکانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسودی زۆرینەی کوردنشین لە پارێزگای حەلەب، لەگەڵ لیژنەیەکی ڕاسپێردراوی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، لەسەر چەند خاڵێک، بۆ ئیدارەدان و پاراستنی ئەو دوو گەڕەکە، ڕێک کەوتن.
موقەددەم محەممەد عەبدولغەنی، کە بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا ڕێککەوتنەکەی ئیمزا کردووە، بە ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکی ڕاگەیاند "بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو دوو گەڕەکەوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەکشێنەوە و ژمارەیەک ئەندامی هەسەدە لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆ لە ژێر ناوی "هێزی ئاسایشی ناوخۆ" یەک دەخرێن تاوەکوو لە ڕووی ئەمنییەوە گەڕەکە کوردنیشنەکان بپارێزن."
نوێنەرەکەی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "هەردوولا پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبن و هاوکار دەبن لەگەڵ یەکتر، تاوەکوو هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسودی حەلەب، لە هەموو هێزێکی سەربازی پاک بکرێنەوە."
بە گوتەی عەبدولغەنی، ڕێککەوتنەکە پاراستنی ئیدارەی ئێستە، ئیدارەی مەدەنی و خزمەتگوزاری لەو دوو گەڕەکە کوردنشینە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگا، شارەوانی و دامەزراوە فەرمییە پەیوەندیدارەکانی دیکە، گەرەنتی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە، چەند لیژنەیەکی ناوخۆیی پێک دەهێنرێن.
عەبدولغەنی باسی ئـــاماژەی بــەوەش دا، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەموو ئەو کەسانە ئازاد دەکرێن کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، لەلایەن هەسەدەوە لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود دەستگر کراون. هاوکات، حکوومەتی ڕاگوزەری سووریاش هەموو ئەو هاووڵاتی و ئەندامانەی هەسەدە ئازاد دەکات کە لەو ماوەیەدا دەستگیری کردوون. گوتیشی: "هەنگاوی کردەیی بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوان نراوە و ئێستە پرۆسەکە لە قۆناغی ئامادەکردنی ئامارەکاندایە و ئەم ڕێککەوتنە جارێ تەنها پارێزگای حەلەب دەگرێتەوە."