سەرۆکی حکوومەت لە ساڵیادی جێنۆسایدی کوردی فەیلی پەیامێکی بڵاو کردەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی دەڵێت: ئەمڕۆ  یادی تاوانێکی هۆڤانە لە بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان کرا، دەکەینەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 4ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، یادی تاوانێکی هۆڤانە لە بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان کرا دەکەینەوە، کە  شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلییە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە چەندین قۆناخ ئەنجامیان دا و لە ساڵی 1980 گەیشتە لووتکەی دڕندەیی، كاتێک ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پاکتاوێکی نەژادیدا و بە هۆی کوردبوونیان، سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق دەرکرد و هەزارانیشی بێسەروشوێن کرد و دەستی بەسەر موڵک وماڵ و سامانەکانیاندا گرت

دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛

یادی تاوانێکی هۆڤانە لە بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان دەکەینەوە. کە شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلییە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە چەندین قۆناخ ئەنجامیان دا و لە ساڵی 1980 گەیشتە لوتکەی دڕندەیی، كاتێک ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پاکتاوێکی نەژادیدا و بە هۆی کوردبوونیان، سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق دەرکرد و هەزارانیشی بێسەروشوێن کرد و دەستی بەسەر موڵک وماڵ و سامانەکانیاندا گرت وناسنامەی لێسەندن.  

لە ( 45 )مین ساڵیادی جێنۆسایدی کوردی فەیلی، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی جێنۆسایدی کوردی فەیلی و جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی دیکە ، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە و موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. 

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

4/4/2025