چوار کەس لە کەیسی مامۆستا کەلەپچەکراوەکەی کەرکووک دەستگیرکراون
وەزیری پەروەردە پێشوازی لێکرد
K24 - کەرکووک
هەرکەسێک جارێک ڤیدیۆی ئەو مامۆستایەی کەرکووکی بینیبێت، کە بە کەلەپچەکراوی لەسەر تەرمی ژنەکەی دەگری، دڵی پڕدەبێت. مامۆستا محەمەد لەو خەمەیدا تەنیا جێنەهێڵراوە، بەڵکو لە بەرزترین ئاستی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو خەڵکی خۆبەخش لەگەڵیدان بۆ ئەوەی هەقی خۆی وەربگرێت.
ئەمڕۆ لە هەولێر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مامۆستا محەمەد، براکەی و سێ پارێزەری کرد، کە بە خۆبەخشی داکۆکی لێ دەکەن، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئەرکی ئێمەیە وەکو وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر مامۆستاکانی خۆمان بەدەنگ بێین".
ڤیدیۆی رووداوەکە رۆژی 13-7-2020 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، دیمەنێکی ناخهەژێنە کە تێیدا مامۆستا محەمەد بە بێدەنگی بەرامبەر تەرمی مونا ئیسماعیل دانیشتووە، لەکاتێکدا دەستی بە هەمان قەرەوێڵە کەلەپچەکراوە، کە تەرمی هاوژینەکەی لەسەرە.

مونا ئیسماعیل، هاوژینی مامۆستا محەمەد، بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا و نەبوونی ئۆکسجین گیانی لەدەستدا. سەرەتا وا بڵاوکرایەوە مامۆستا محەمەد بوتڵی ئۆکسجینی شکاندووە بۆیە بەوشێوەیە کەلەپچەکراوە، بەڵام دەڵێ کێشەکە لەسەر ئۆکسجین بووە "هاوژینەکەم رەنگی شین بوو، هاواری دەکرد بوتڵ، بەڵام خنکا.. پێش ئەوەی ئەو شتانە رووبدەن، من دوو بوتڵ ئۆکسجینم بۆ هێنابوو، خاوەن مەخزەنەکە هات و گوتی بۆچی دوو دانەت بردووە، بوتڵەکانیان بردن، کە بە شان هێنابوونم".
وەزیری پەروەدە لە کۆنگرەکەدا ئاشکرای کرد "تاوەکو ئێستا چوار کەس لەو کەیسە دەستگیرکراون، ئەمڕۆ کە بانگهێشتی مامۆستا محەمەدمان کردووە، پاڵپشتی دارایی و مەعنەویی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستانمان پێگەیاندووە".
مامۆستا محەمەد لە کۆنگرەکەدا دەڵێ "پاڵپشتیی سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردە وایان لەمن کرد، ورەم بەرزبێت و سووربم لەوەی مافی خۆم وەربگرم لەو کەسانەی بەڕاستی ئازاریان دام. سوپاسیان دەکەم، دەستی باڵایان هەبوو لە یارمەتیدانم لە هەموو روویەکەوە".

لەسەر ئەو کەیسە، بە گوتەی یەکێک لە پارێزەرە خۆبەخشەکانی مامۆستا محەمەد، سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک و بنکەی پۆلیسی قۆرییە کراوە.
پارێزەرەکە هەروەها دوایین پێشهاتەکان لەبارەی ئەو کەیسە دەخاتەڕوو و دەڵێ "لێکۆڵینەوە بەردەوامە و کاری باش کراوە، لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە هاتوون و گوتەیان لە مامۆستا محەمەد وەرگرتووە، دواتر لیژنەیەکیش لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەهەمان شێوە گوتەی مامۆستاکەیان کارمەند و پزیشکەکانیان وەرگرتووە".