نێچیرڤان بارزانی: لە هەڵمەتێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقدا، هەزاران کوردی فەیلی ڕووبه‌ڕووی کوشتن بوونەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەڵێت: یادی 45مین ساڵیادی جینۆسایدی هەزاران کوردی فەیلی ده‌که‌ینه‌وه‌. 

ئەمڕۆ هەینی، 4ـی نیسانی 2025، نێچرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، یادی 45مین ساڵیادی جینۆسایدی هەزاران کوردی فەیلی ده‌که‌ینه‌وه‌، کە لە هەڵمەتێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقدا، ڕووبه‌ڕووی کوشتن و دەستگیرکردن و ڕاگواستن و ونکردن و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوون.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێم؛

ئەمڕۆ یادی پڕ له‌ ئازاری چل و پێنجەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدی هەزاران کوردی فەیلی ده‌که‌ینه‌وه‌ کە لە هەڵمەتێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقدا، ڕووبه‌ڕووی کوشتن و دەستگیرکردن و ڕاگواستن و ونکردن و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوون، تەنها لەبەر ئەوەی کوردن و پشتیوانیی شۆڕشی کوردستانیان کرد.

لەم یادەدا، جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق کە ئەو تاوانەی به‌ جینۆساید ناساندووه‌، کوردە فەیلییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و ڕەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکات. خوشک و برایانی فه‌یلیمان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافه‌کانیان و به‌دیهینانی دادوه‌ری بۆ ئه‌وان و هەرچی پێویستە لەم بارەیەوە، درێخی ناکه‌ین.

جینۆسایدی کوردانی فەیلی و هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە و ئه‌و تاوانانه‌ی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، مێژوویەکی ڕەش و ڕابردوویەکی تاڵن کە جگه‌ له‌ نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات هیچی تری نه‌هێناوە. ده‌بێ ئەو ڕابردووە ببێتە پەند و وانه‌ بۆ به‌دیهێنانی داهاتوویەکی باشتر کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و هاوبەشی و قبووڵکردنی یەکتر و پاراستنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان لە عێراقدا بنیات نرابێت.

سڵاو و دروود بۆ یادی شەهیدانی کوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان

4/4/2025

 
 
Fly Erbil Advertisment