پێش کۆنگرەی پەکەکە، شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان و ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە
ماڵپەڕێکی هەواڵیی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەم مانگە کۆنگرەی پەکەکە بۆ چەک دانان بەڕێوە دەچێت. بەر لەوەش شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان و سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە.
پێنج مانگ لەمەوبەر، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) داوای لە عەبدوڵلا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ئەو بوو، لە 27ـی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازی کرد پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەگەر چی مانگێک زیاتر بەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان تێ پەڕیوە، بەڵام تا ئێستە داوکاریی چەکدانان لەلایەن پەکەکەوە جێبەجێ نەکراوە.
ماڵپەڕی خەبەرتورک، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەک دانان بەڕێوە بچێت. بەر لەوەش شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار تورکیا ڕێکەوتێک بۆ دەم پارتی دیاری دەکات.
بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەرەکە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە و بۆ چوارەمین جار چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەوێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە جەخت لە چەک دانان دەکاتەوە و دوای ئەو پەیامەش پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشانەوەی دەبەستێت.
هاوکات سەرکردایەتی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی 4ی نیسان ساڵرۆژی لەدایکبوونی ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "گەل ئیدی دەیەوێت ئۆجەلان بەشێوەی ئازادکراوی لەنێو خۆیدا ببینێت و پێویستە ئازاد بکرێت."
هاوکات چیدەم ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) ڕەخنەی لە دەسەڵات گرتووە و دەڵێت: دوڵەتی تورکیا لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتی بێدەنگ ماوەتەوە و ئەمەش مایەی قبووڵکردن نییە. دەسەڵات تا ئێستە لە بەرانبەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان هەنگاوی کردەیی نەناوە.
پێشهاتەکان لە کاتێکدان پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێ کردووە بەمەبەستی چارەکردنی پرسی کورد، دەسەڵات بە تورکیای بێتیرۆر و لایەنی کوردی بە پرۆسەی ئاشتی ناوزەندی دەکەن.
