مەسرور بارزانی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان بەردەوام بێت
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕێز و پێزانینی گەلی کورد بۆ پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات دەکاتەوە و بە پێویستیشی دەزانێت، بەردەوام بن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان.
شەممە، 05-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە.
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە "لە ساڵیادی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە سنوورێکی بۆ هێرش و ستەمی ڕژێمی بەعس دانا، ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات دەکەینەوە."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستیشی دەزانێت "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافەکانی."
لە ساڵیادی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە سنوورێکی بۆ هێرش و ستەمی ڕژێمی بەعس دانا، ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات دەکەینەوە.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) April 5, 2025
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافەکانی.
لە ساڵی 1991، لە وەڵامی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان، ڕژێمی بەعس بە ئاگر و ئاسن وەڵامی کوردی دایەوە و کۆڕەوە ملیۆنییەکەی باشووری کوردستانی لێ کەوتەوە. 4ـی نیسانی هەمان ساڵ، هەر یەکە لە فەرەنسا، ئێران و تورکیا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد زوڵم و ستەمی ڕژێمی سەدام لەسەر کورد، ڕاگرێت.
5ی نیسانی 1991 لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بڕیاری 688 دەرچوو کە لە 8 خاڵ پێک دێت. گرنگترینیان، سەرکۆنکەکردنی دەستدرێژی و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی سەددام لەسەر خەڵکی کوردستان. دوورخستنەوەی ھەڕەشەکان و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی باشووری کوردستان بوو. فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمەریکا بڕیارەکەیان وەک پاساوێک بەکار ھێنا و ھێڵی 36یان کێشا و ناوچەی دژەفڕینیان دروستکرد و ڕژێمی بەعس بۆی نەبوو فڕۆکەکەکانی بەسەر باشووری کوردستاندا بفڕێنێت.
پێش دەرچوونی بڕیاری 688 لە ئەنجوومەنی ئاسایش 10 وڵات بە بەڵێ دەنگیان بۆ دا. سێ وڵاتیش دژی وەستانەوە کە یەمەن، کوبا و زیمبابوێ بوون. چین و ھیندستانیش نە بە بەڵێ نە بە نەخێر دەنگیان نەدا.
بەھۆی بڕیاری 688ەوە خەڵکی کوردستان ھەناسەیەکی بەبەرھاتەوە و پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرا و ھەرێمی کوردستان بووە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوە ژیان لە ناوچەکەدا.
دوای 34 ساڵ ئێستا زۆربەی ئەو وڵاتانەی پاڵشتیان لە کورد کردووه کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان لە ههرێمی کوردستان کردووەتەوە و شاهێدی پێشکەوتنەکانی حکوومەتن لە گشت بوارەکاندا.