ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی دەکات

ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکیش، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، تاوەکوو ئێستە پڕۆژەی ڕووناکی لە ژمارەیەک گەڕەکی هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە جێبەجێ کراوە، بەڵام بەشێکی خەڵکی گلەییان لە نرخی کارەباکە هەیە و داوای کەمکردنەوەی دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە دوو سەرچاوەوە دەستی کەوتوون، ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ دەبێتەوە. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش، تاوتوێکردنی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی دەبێت.
کوردستان24 زانیویەتی، تیمێکی وەزارەی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیازێکیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکییان ئامادە کردووە و لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیازەکە دەکرێت. یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی: پێشنیازەکەی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ داواکاری هاووڵاتییان دەگونجێت، بۆیە ئەگەر پەسەند بکرێت، لە بەرژەوەندیی هەموواندا دەبێت.
هەمان سەرچاوەی کوردستان24 ڕەتی کردەوە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بێت و جەختی کردەوە "ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی ئەوەیە، لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتییان مانگانە پارەی کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە ئەهلییەکان بدەن، تەنها پارەی کارەبایەک بدەن بە نرخێکی کەمتر. هاوکات ئامانجێکی دیکەش، پاکڕاکرتنی ژینگەیە و لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی 600 مۆلیدەی تایبەت ڕاگیراون."
ئــــاماژەی بەوەش دا "ئێستە پڕۆژەی ڕووناکی لە 26 گەڕەکی هەولێر، حەوتی سلێمانی و دووی دهۆک لە جێبەجێکردندایە و 415 هەزار هاووڵاتی لێی سوودمەندن. بەم زووانە لە ژمارەیەک گەڕەکی دیکەش جێبەجێ دەکرێت و پرۆژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان دەکرێت."
پرۆژەی ڕووناکی لەم 35 گەڕەکە جێبەجێ کراوە:
1. هەولێر: گەڕەکەکانی (تەیراوە، مستەوفی، کوورانی عەنکاوە، عەنکاوە، سەڵاحەددین، منارە، زانیاری، تەعجیل، عەرەبان، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین).
2. سلێمانی: گەڕەکەکانی (ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا.)
3. دهۆک: گەڕەکەکانی (بەڕۆشکێ و سەرهەڵدان)
سوودەکانی پرۆژەی ڕووناکی:
1. كارەبایەكی 24 كاتژمێریی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان زامن دەكات و بە شێوەیەکی ڕیشەیی كێشەی كارەبا چارە دەکات.
2. نرخەكەی بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەكان و بە ڕەچاوكردنی داهاتی تاكەكەسی دانراوە و گونجاوە.
3. ڕەچاوی ئەو هاووڵاتی و خێزانە كەمدەرامەت و هەژار و چینی مامناوەند دەكرێت كە (وات- ئەمپێر)ی كەمتر خەرج دەكەن.
4. كەمكردنەوەی پاڵپشتی كرێی كارەبای نیشتمانی بڕە داهاتێكی باشتر زامن دەكات بۆ ڕێكخستن و باشكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و پەرەپێدانی.
5. دووكەڵ و ژاوەژاوی مۆلیدە ئەهلییەكان ناهێڵێت كە بۆ پیسبوونی ژینگە و نەخۆشی شێرپەنجە مەترسی ڕادەبەدەریان هەیە.
6. بڕی كارەبا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دەگەیەنێتە هاووڵاتییان و سەرپێچییەكان كەم دەكاتەوە.
7. تێچووی زیاد لە بەكارهێنانی كارەبا كەم دەكاتەوە و تەمەنی ئامێرەكان دەپارێزێت. هاوکات سەلامەتیی خەڵك و ماڵەكان لە ئاگركەوتنەوە زۆر كەم دەكاتەوە، ئەمەش كاتێك گڵۆپ و ئامێرە كارەباییەكان بە هۆشیاری و كەمتر بەكار دەهێنرێن.