جێفری: هەرێمی کوردستان پێشکەوتووترین ئابووری هەیە

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق و سووریا بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا یەکێکە لە سەقامگیرترین شوێنەکان و پێشکەوتووترین ئابووری هەیە، جگە لە وڵاتانی رۆژئاوا و تورکیاش، پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیش هەیە.

جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، لە کاتی بەشداریی، لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند "بڕوام وایە دۆخی کورد لە باشتربووندایە و بەرەوپێشچوونی ئەرێنیمان بەدیکردووە، بەڵام لەگەڵ دوایین کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت نیگەرانم. تا ڕادەیەك لەگەڵ عێراق بەرەوپێشچوون هەیە و پێویستە بەردەوام بێت."

باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق و سووریا گوتیشی: "دوایین ڕێککەوتنمان لە نێوان دیمەشق و کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و مەزڵوم عەبدی بەدیکرد، هەروەها بینیمان ئۆجەلان سەرکردەی پەکەکە دەستی بۆ حکوومەتی تورکیا درێژ کرد، ئەمانە هەمووی بەرەوپێشچوونی ئەرێنین."

بە گوتەی جێفری "هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەقامگیرترین و پێشکەوتووترین شوێنەکانی ناوچەکە و لە ڕووی ئابوورییەوە، زۆر سەرکەوتووە. هەمووان لە عێراق لەوە تێ دەگەن، بۆیە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن."

وەکوو ئەوەی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمەریکا باسی کرد " بەراورد بە عێراق، بازرگانییەکی زۆرتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت. جگە لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمەریکا و تورکیا، هەرێمی کوردستان پەیوەندی زۆر گرنگیی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیش هەیە."