پشتیوان سادق: بەرپرسانی عێراق پابەندی دەستوور نەبوونە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت: ئەو بنەمایەی عێراقی نوێی لەسەر دامەزرێنرا، جێبەجێ نەکراوە و بەرپرسانی بەغدا پابەندی دەستوور نەبوونە.
یەکشەممە، 06-04-2025، لە ناحیەی دیبەگەی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەتی و حزبی، پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی 'کارەساتی 06ـی نیسانی 2003' لا درا. لەو ڕۆژەدا، لە ئەنجامی بۆمبارانی هەڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، فەرماندە وەجیهـ بارزانی بە سەختی بریندار بوو و 17 پێشمەرگەی دیکەش شەهید بوون.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لــە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند "هەریمی کوردستان و پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگیان لە ئازادکردنی عێراق و نووسینەوەی دەستوور بیینی، بەڵام ئەو بنەمایەی عێراقی نوێی لەسەر دروست کرا، جێبەجێ نەکراوە و بەرپرسانی بەغدا پابەندی دەستوور نەبوونە."
ئــەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوەش کردەوە "ڕووداوەکانی 06ـی نیسان، ئەوەیان نیشان دا، سەرۆک بارزانی و کەسە نزیکەکانی هەردەم لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریی بوون لە کوردستان، لەم پێناوەشدا قوربانییان داوە."
پشتیوان سادق، لــە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر گەورەی کردووە و ئاسۆی داهاتووی خەڵکی کوردستان ڕوونە."