کۆمپانیایەکی نەوت 21 هەزار کارمەندی دەردەکات

سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە

K24 - هەولێر

گرووپی شڵەمبەرگەری تایبەت بە خزمەتگوازرییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت، لە ماوەی سێ مانگی ساڵدا بڕی سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە، ناچاربووە زیاتر لە 21 هەزار کارمەندی لە کارەکانیان دووربخاتەوە.

کۆمپانیا تایبەتەکەی نەوت بنکەی سەرەکیی لە تەکساسی ئەمەریکایە، ئەمڕۆ (هەیینی، 24-7-2020) رایگەیاند 3.7 ملیار دۆلاری لەسەرە، کە دەبێت لەو بڕە پارەیە یەک ملیار دۆلاریش وەکو قەرەبووی کارکردن بداتە ئەو 21 هەزار کارمەندەی دەریان دەکات.

پەتای کۆرۆنا و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە لە جیهان، کە جگە لە پاکوخاوێنی، زۆربەی لە دوورکەوتنەوە لە یەکدی و داخستنی شوێنە گشتییەکان خۆی دەبینێتەوە، زەرەرێکی ئابووریی بێشوماری لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری سووتەمەنی داوە.

بۆ ئەوەی کەمێک زەرەر کەمبکەنەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، زۆربەیان پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەیان وەستاندووە کە پەیوەندییان بە دۆزینەوە و پێشخستنی بیرە نەوتەکان هەیە، زۆربەی کاری گرووپی شڵەمبەرگەریش تایبەتە بەو دوو سێکتەرە.

ئۆلیڤیێ لو پۆش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپەکە دەڵێ "رەنگە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، زەحمەتترین ماوەی کارکردن بووبێت لە ماوەی دەیان ساڵی رابردووماندا".