سەرنشینێکی ئوردنی بە ئاسمانەوە دەرگای فڕۆکەکەی دەکاتەوە

لەژێر کاریگەری مادەی هۆشبەر و مەی، سەرنشینێکی ئوردنی لە گەشتێکی ئاسمانیدا بۆ سیدنی، دەرگای فڕۆکەکەی دەکاتەوە.

سەرنشینان و تیمی فڕۆکەوانی گەشتێکی فڕۆکەوانی لە کوالالامپورەوە بەرەو سیدنی، ئێوارەی شەممە،5ـی نیسان  2025، تووشی دۆخێکی مەترسیدار دەبن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرنشینێکی ئوردنی تەمەن 46 ساڵ، بە ئاسمانەوە ویستی دەرگایەکی فڕۆکەکە بکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا، تیمی فڕۆکەکە بەخێرایی سەرنشینەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ شوێنی دانیشتنی خۆی. سەرنشینەکە دانەساکا و ویستی دەرگایەکی تری فریاگوزاری بکاتەوە، ئەمەش تیمی فڕۆکەوانی و سەرنشینەکانی ناچار کرد بە زۆر کۆنترۆڵی بکەن. بەڵام بەوەشەوە نەوەستاوە دەستدرێژی جەستەیی کردووەتە سەر ئەندامێکی تیمی فڕۆکەوانی.

کاتێک فڕۆکەکە لە سیدنی نیشتەوە، ئەفسەرانی پۆلیس چاوەڕێی بوون، لەوێ دەستگیرکرا و بە دوو تۆمەت تۆمەتبارکرا: یەکێکیان هێرش کردنە سەر ئەندامێکی تیمی فڕۆکەوانی.

وە دووەمیان مەترسیی خستنە سەر سەلامەتیی فڕۆکەکە و هەریەکێک لەو تۆمەتانە ئەگەری سزای 10 ساڵ زیندانیی هەیە.

داڤینا کۆپلین، پشکنەری پۆلیسی فیدراڵی بە وەکالەت گوتی: ڕەفتاری توندوتیژی یان مەترسیدار لەناو فڕۆکەدا کە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی سەرنشینەکان یان تیمی فڕۆکەوانی، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆلیس درێغی ناکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بە هەر کەسێک کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بکات.

پارێزەری تۆمەتبار لە دادگادا ڕایگەیاند، تۆمەتبار هیچ شتێکی بیر نییە کە لە کاتی گەشتەکەدا کردوویەتی، ڕوونیشی کردەوە ئەو کەسە هاوسەرگیری کردووە و سێ منداڵی هەیە و خەڵکی ئوردونە و پێشتر هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە.

ڕوونی کردەوە کە ئەو کەسە لە گەشتێکی بازرگانی فەرمیدا بووە بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئوسترالیایی لە سیدنی.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد، پێش گەشتەکە چەند دەرمانێکی خواردووە، لەوانە دەرمانی ساختەی ئیفیدرین و حەبی خەو، جگە لە خواردنەوەی کحول، هەروەها ئاگاداری ئەوە نەبووە کە چی ڕووی داوە و هیچی لەبیر نەماوە.

لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانە داوای ئازادکردنی تاوانبارەکەی کردووە بە کەفالەت.

 
 
Fly Erbil Advertisment