لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل ژمارەیەک هاووڵاتی فەڵەستینی کوژران کە زۆربەیان منداڵن

بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکانی فەڵەستین، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی فەڵەستینی کوژراون و بریندار بوون، کە منداڵ و ئافرەتیشیان تێدایە.

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی ڕەفەح و غەززە و خان یونس بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە دانیشتوانی دێر بەلەح،  بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانیان هەڵاتوون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەڵەستین، بڵاوی کردەوە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان خانوویەکیان لە شەقامی میکانیک لە ناوەڕاستی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بۆمباران کرد، لە ئەنجامدا شەش هاووڵاتی مەدەنی کوژران کە زۆربەیان منداڵن و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

 تۆپخانەکانی ئیسرائیل بە توندی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحیان بۆردومان کرد و ژمارەیەک باڵەخانەیان وێران کرد، هەروەها ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شوجاعییەیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بۆمباران کرد و ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە کوژران و بریندار بوون.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەش لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی توفاح لە کەرتی غەززە، 11 هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە 9یان منداڵ بوون، هەروەها ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون .

 
Fly Erbil Advertisment