بە فەرمانی مەسرور بارزانی زەوی بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەدرێت
بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دابەش دەكرێت.
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە نووسراوی فەرمیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە، زەوی بەسەر هەزار و 628 فەرمانبەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دابەش دەكرێت.
لە نووسراوەكەدا بە ژمارە (1188) لە ڕۆژی 7ی نیسانی 2025 هاتووە: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە مەرجێك پێشتر سوودمەند نەبووبن و هەمان ئەو مەرجانەیان لەسەر جێبەجێ بكرێت كە لەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم جێبەجێ دەكرێت.
جێی باسە لە خشتەكەدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەریەك لە دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای هەولێر و نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای سلێمانی و نووسینگەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای دهۆك دیاری كراون كە هەزار و 628 فەرمانبەرن.