دۆناڵد ترەمپ: گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە.
دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، پاش کۆبوونەوەی دوو قۆڵیان لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ گوتی: باسی پێناسی گومرگیمان کردووە کە بابەتێکی گرنگە، بە سەرۆکم گوتووە، ئێمە کورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا ناهێڵێن و بەخێرایی ئەوە دەکەین، بەربەستە بازرگانییەکان لا دەدەین.
گوتی: من قارەمانی بازرگانی ئازادم، دوێنێ گفتوگۆمان لەسەر ئەو کردووە ئەو کارانە چۆن بکەین.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ترەمپ، باسی بارمتەکان و باسی کەرتی غەززەیان کردووە، گوتی: پرسی بارمتەکان چیرۆکێکی مرۆیی قەبوڵ نەکراوە و کارەساتێکی گەورەیە، قسەمان لەگەڵ خانەوادەکانیان کردووە، بارمتەکان لە نەهامەتیدان، هەموویان ئازاد دەکەین، کار لەسەر ڕێککەوتنێکی دیکە دەکەین و هیواخوازین سەرکەوتوو بین و پابەندین بە ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان، پابەندین بە کۆتایی هێنان بە ستەمی حەماس لە کەرتی غەززە، خەڵکی غەززەش بۆ خۆیان ئازادانە بڕیار بدەن بچنە هەر شوێنێک کە دەیانەوێت، گوتیشی: سەرۆک ترەمپ پێشنیازێکی ئازایانەی پیشکەشکرد بۆ ئەو وڵاتانەی پێشوازیی لە فەڵەستینییەکان دەکەن.
ئاشکرای کرد، گفتوگۆیان لەبارەی سووریا کرد، گوتی: پەیوەندی دراوسێیانەمان لەگەڵ تورکیا هەبووە، بەڵام ئەو پەیوەندییە شێواوە، قەبوڵ ناکەین سووریا بەکاربهێندرێت بە تورکیاشەوە، کە سووریا بکەن بە بارەگایەک و لەڕێگەیەوە هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل، تورکیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هەیە، دەمانەوێت خۆمان لەو ململانێیە بەدوور بگرین.
گوتیشی: هاوکات گفتوگۆمان لەبارەی ئێرانەوە کرد، هەردووکمان هاوڕاین لەسەر ئەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نەبێت، دەکرێت بەڕێگەی دیپلۆماسی ئەو کارە بکرێت.
دواتر دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی گوت: پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەڕۆژی شەممەوە لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە و چاوەڕێین بزانین بەکوێ دەگەین، ڕێککەوتن باشترە لە بژاردەی دیکە، دەکرێ خۆمان لە بژاردەی دیکەی جگەلە ڕێککەوتن بەدوور بگرین، ئێستا فڕۆکەی B2 لەناوچەیەکی زۆر مەترسیدایە، هیوادارین ئەو گفتوگۆیانە سەرکەوتوو بێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئێراندایە.
ترەمپ گوتی: لەلایەن وڵاتانەوە چەند ساڵێک خراپ بەکارهێنراین، نابێت ئەمە قەبوڵ بکەین، خەڵکێک ڕێگەی دا ئەوە بەسەر ئەمەریکادا بێت، نەدەبوو ڕێگە بەوە بدەن، سەرۆکی پێشتر ڕێگەی دا ملیۆنان کەس بێنە ئەمەریکا کە 21 ملیۆن بوون، سێ ملیۆن لەوان تاوانباری زۆر مەترسیدار بوون، بازرگانی ماددەی هۆشبەر، گرووپی چەتەیی و بکوژ هاتنە ئەمەریکا، زۆرینەیان لە کەنەدا هاتن، دەمانەوێت ئەوانە دیپۆرت بکەینەوە، ئەوە جێی شەرمەزارییە بۆ ئیدارەی پێشوو، ئێستا سنوور لە باشترین دۆخدایە، ئێستا خەڵک بەڕێگەی یاسایی دەبێ بێنە ئەمەریکا، دەمانەوێت خەڵکێک بێت خزمەت بە ئەمەریکا بکات.
ترەمپ گوتیشی: ئێمە وێران کراین، 34 ملیار قەرزارین، خەڵکانێک هەن گفتوگۆ لەگەڵ چین و وڵاتان دەکەن، بۆیە پێناسی گومرگیمان پەسەند کرد.