بەڵێندەرانی ناڕازی: تەیف سامی بڕیارەکانی سوودانی جێبەجێ ناکات

31 کۆمپانیای بەڵێندەرایەتی لە بەردەم وەزارەتی دارایی خۆپیشاندانیان کرد و داوای پێدانی شایستەداراییەکانیان دەکەن، چونکە ئەو کۆمپانیانە پرۆژەکانیان تەواو کردووە و ئەمیندارێتیی بەغدا پارەکانیان پێ نادات.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی محەممەد شیاع سوودانی وەکوو سەرۆک وەزیران، ڕاستەوخۆ پرۆژەیەکی لە پێناو جوانترکردنی سیمای بەغدا، ڕاگەیاند، هەر لەو چوارچێوەیە 31 بەڵێندەر بەشدارییان لە پرۆژەکە کردو لەلایەن ئەمیندارێتی بەغدا ڕاسپێردران بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی جوانکردنی سیمای شاری بەغدا و گرێبەستیشیان لەگەڵ کرا.
ئەو بەڵێندەرانە، چوارساڵە بەردەوام لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ خۆپیشاندان دەکەن، چونکە سەرەڕای ئەوەی پرۆژەکانیان تەواو کردووە بەڵام تاوەکوو ئێستا پارەکانیان پێ نەدراوە.
یەکێک لە بەڵێندەرەکان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکوو کۆمپانیای بەڵیندەرایەتی گرێبەستمان لەگەڵ ئەمیندارێتیی بەغدا هەیە، سەرۆک وەزیران بریاری خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئێمەی داوە و ئەمیندارێتی بەغداشی لە خەرجکردنی شایتەکانی کۆمپانیاکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەمیندارێتی بەغدا شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج ناکات.
ئاماژەی بەوەش دا، نازانم بۆچی پارەکانمان بۆ خەرج ناکەن؟ بۆیە ئێمە وەکوو 31 کۆمپانیاین لەبەردەم وەزارەتی دارایی خۆپیشاندان دەکەین، نزیکەی 50 ملیار دینارمان لای حکوومەتە، ئەوەش ئاسانە بۆ دەوڵەت ئەو بڕە پارەیە خەرج بکات.
بەڵێندەرێکی دیکە گوتی: ئێمە خاوەن کۆمەڵێک کۆمپانیاین، ماوەی چوار ساڵە خۆپیشاندان دەکەین، لەبەردەم ئەمیندارێتی بەغدا و لەبەردەم فەرمانگەی پرۆژەکان خۆپیشاندانمان کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئێمە گرێبەستمان ئیمزا کردووە، پابەند بووین بە ناوەڕۆکی گرێبەستەکان و بەباشترین شێوە جێبەجێمان کردووە.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ هاتووینەتە بەردەم وەزارەتی دارایی بەس بزانین بۆ شایستەکانمان بۆ خەرج ناکات؟ چونکە سەرۆک وەزیران چوار نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی شایستەکانمان بۆ خەرج بکات، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بزانین هۆکار چییە، ئایا پارەیان نییە؟ بەڕاستی ماندوو بووین؛ بۆچی تەیف سامی فەرمانی سوودانی جێبەجێ ناکات؟
بەڵێندەرێکی دیکەی ناو خۆپیشاندەران جەختیکردەوە، ئێمە سوپاسی کوردستان24 دەکەین بۆ ڕووماڵکردنی ئەو خۆپیشاندانە، ئێمە کۆمەڵێک کۆمپانیای عێراقین، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریمان لە بەغدا جێبەجێ کردووە، بۆیە ئەمڕۆ لەبەردەم وەزارەتی دارایی گردبووینەتەوە، داوای شایستە داراییەکانمان دەکەین، کۆمپانیاکان پرۆژەکانیان تەواو کردووە و ڕادەستی حکوومەتیان کردووەتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، شایستەکانی هەر 31 کۆمپانیاکە نزیکەی 60 ملیار دینار دەبێت.