سوپای عێراق تراکتۆری جووتیاران دەبەن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، بەپێی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کێشەی جووتیارانی کورد لەڕێگەی یاساوە چارە بووە، کە ئەو بڕیارانەی لە سەردەمی بەعس درابوو هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ڕێکارییەکان زۆر سستن و جووتیاران نیگەرانن.
گوتیشی: سوپای عێراق دوێنێ جووتیارێکی کوردی دەستگیرکردووە و ئێستا ئەو جووتیارە لە زیندانە و دەستی بەسەر سێ تراکتۆری جووتیارانیشدا گرتووە.
دەشڵێت: سوپای عێراق تراکتۆرێکی بردووە و دووانەکەی دیکە لە گووندەکەدا ماوە. کە بەگوتەی موختاری گوندەکە بەنیازن کەمێکی دیک ئەو دووانەش بەرن، هەوڵی بردنی ئەو تراکتۆرانە ڕووداوی هاوشێوەی وەک 17ـی شوبات دووبارە دەبێتەوە، هەر بۆیە ئێستا جووتیاران لە ئامادە باشین بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن سوپا بێتو ئەو تراکتۆرانە بەرن.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەر و موختاری جووتیارانی شناغە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند " دوێنێ شەو من لە ماڵەوە بووم، ئامر سریە پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی دوو تراکتۆر کار دەکات لەسەر زەوییەکان، جووتیارەکە لەسەر زەوی خۆی کاری کردووە، زەوییەکە بە ناوی خۆیەوە تۆمارە هەتا ئەگەر سکاڵاشی لێ بکات، دادگا خاوەن زەوییەکە ناگرێت، چونکە هیچ کێشەی نییە و زەوییەکە بەناوی خۆیەوە تۆمارە.
نوێنەری جووتیاران ڕاشیگەیاند "سوپای عێراق مەبەستی ڕوون و ئاشکرایە، ناهێڵن ئێمە ئیش و کار بکەین، چەند جارێکیش گوتوومە بەتایبەتی لە شناغە 599 پارجە زەویم هەیە 499 پارچە زەویم کێشەی نییە، تەنیا 100 پارچە زەویم کێشەی لەسەرە ئەویشمان بە یاسا هەڵوەشاندووەتەوە، تەننیا تەمیزی بۆ دەرنەچووە. لاریمان نەبووە ئەو پارچەیەیان تا کێشەی چارە دەبێت کاری لەسەر نەکەین، بەڵام ئەوان ڕێگە بە زەوییەکانی دیکەش نادەن".
لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەری 2017، بەردەوام عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق گێچەڵ بەجووتیارانی کورد دەکەن و هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان دەدەن، ئەگەرچی یاساکانی سەردەمی بەعس تایبەت بەزەوی وزار لەپەرلەمانی عێراق چەند مانگێکە دەنگی لەسەردراوەو هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوەو سوپای عێراقیش بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر جووتیارانی کورد، بەوهۆیەشەوە جووتیارانی کورد نەیانتوانی ئەمساڵ زەوییەکانیان تۆو بکەن .
ئەمە لە کاتێکدا، دوێنێ لە گوندی شەناغە، سوپای عێراق دەستی بەسەر سێ تراکتۆری جووتیارانی کورد دا گرت.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەکاتی ئیشکردن، سوپای عێراق بەهێزێکی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکەو دەستیان بەسەر سێ تراکتۆری جووتیارانی کوردا گرت و شۆفێرانی هەرسێ تراکتۆرەکەش لەترسی ئەوەی سوپا دەستگیریان نەکات، هەڵاتوون و سوپا بەدوایاندا دەگەڕێن.