سێنتکۆم لەبارەی حووسییەکان هۆشداریی دەداتە وڵاتان

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هیچ وڵات و لایەنێک نابوورین و قبووڵ ناکەین پشتیوانیی لە ڕێکخراوی تیرۆرستیی وەک حووسییەکان بکات.

چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە لێدانی شوێن و پێگەی حووسییەکان بەردەوام دەبین و لە هیچ دەوڵەت و لایەنێکیش نابوورین و قبووڵ ناکەین کە پشتیوانیی لە ڕێکخراوی تیرۆرستیی وەک حووسییەکان بکات.

سێنتکۆم باسی لەوەش کرد، بەکارهێنانی بەندەری حووسییەکان بۆ هەر کارێک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا  ‌هێرشیان  کردە سەر ژمارەیەک پێگەی حووسییەکان لە یەمەن. حووسییەکان ئەمڕۆ ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان، بۆ سەر پارێزگای حودەیدە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن، ژمارەی کوژراوان بۆ 10 کەس بەرزبووەوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان، بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا شاری نیشتەجێبوونی ئەیمن موقبەلی لە پارێزگای حودەیدە بۆمباران کردووە.

ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری پەیامنێرەکەیەوە ڕایگەیاندووە، لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێزی یەک لە دوای یەک بیستران.

ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لە یەمەن، لەو کاتەوەی واشنتن لە 15ـی ئادار هەڵمەتێکی ئاسمانیی دژی ئەوان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی ناچاریان بکات واز لە پەلاماردانی کەشتییە بازرگانییەکان بهێنن، ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبنەوە.

هەر ئەمڕۆ یه‌حیا سه‌ریع، گوته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن ڕایگه‌یاند، له‌ چەند هەڵمەتی جیاوازدا، پەلاماری پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان له‌ ئیسرائیل و ده‌ریای سوور، داوە.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ ماوه‌ی 10 ڕۆژدا سێ فڕۆكه‌ی بێفڕۆکەوانی ئه‌مه‌ریكایان له‌ ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بن.

حووسییەکان دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیان کرد بە لێدانی کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و هەروەها خاکی ئیسرائیل، بەڵام دوای ئەوەی ئاگربەستێک لە کەرتی غەززە لە مانگی یەکدا کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، هێرشەکانیان ڕاگرت.

هەڵمەتە نوێیەکەی ئەمەریکا دوای هەڕەشەکانی حووسییەکان هات کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە دەریای سووردا تێ دەپەڕن دەست پێ دەکاتەوە.

هێرشەکانی حووسییەکان ڕێڕەوێکی دەریایی گرنگی تێک داوە کە نزیکەی 12%ـی کەشتییە جیهانییەکان پێیدا هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ناچار کردووە بە ڕێگەی دوورتردا هاتووچۆ بکەن.