یاخیبووانی ئیندۆنیزیا 17 کەسیان کوشت

پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، یاخیبووانی پاپوای ئیندۆنیزیا ڕایانگەیاند، لە کۆتایی هەفتەوە زیاتر لە 17 کەسیان کوشتووە و دەڵێن کوژراوەکان سەرباز بوون جلی کرێکارانی کانە زێڕەکانیان پۆشی بوو. پۆلیسیش ڕایگەیاند، یاخیبووەکان دوو بارمتەیان گرتووە.

شەڕێکی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و یاخیبووان لە پاپوای دەوڵەمەند بە سەرچاوە کانزاییەکان هەیە، پاش ئەوەی لە ساڵی 1969دا لە دەنگدانێکدا سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی نائاسایی گەڕێنرایەوە ژێر دەسەڵاتی ئیندۆنیزیا.

سێبی سامبۆم، گوتەبێژی یاخیبووانی پاپوا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "یاخیبووان لە 6ـی نیسانەوە زیاتر لە 17 کەسیان کوشتووە، کە پێنج کەسیان لە ڕۆژی چوارشەممەدا کوشتووە و هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەوان سەرباز بوون جلی کرێکارانی کانە زێڕەکانیان پۆشی بوو." سێبی، ئاماژەی بە شارۆچکەی یاهوکیمۆ کرد کە ڕووداوەکەی لێ ڕووی داوە، گوتی: ئەگەر سوپای حکوومەتی ئیندۆنیزیا دەیەوێت ڕاوەدوومان بێنێت، تکایە با بێنە شارۆچکەی دێکای، ئێمە لەوێین!

فرێجا وێناس، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 11 کرێکاری کانە نایاساییەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون و ڕەتی دەکاتەوە ئەوانەی کوژراون ئەفسەر و سەرباز بن، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە پڕوپاگەندەی یاخیبووەکانە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment