پارێزەری شازادە هاری: هەڕەشە لەسەر ژیانی هاری هەیە

پارێزەری شازادە هاری هۆشداری داوە لەوەی ژیانی شازادە لە مەترسیدایە دوای ئەوەی دەستبەرداری ئەرکەکانی بووە لە کۆشکی شاهانە.
ئەو قسانەی پارێزەرەکەی هاری لە کاتێکدایە، دوێنێ شازادە هاری جارێکی دیکە بردرایە بەردەم دادگای شاهانە لە لەندەن.
هاری، کوڕی بچووکی شا چارلزی شای بەریتانیا، دەیەوێت ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 2020 دەری کردوو و تێیدا بڕیاری دا، شازادە نابێت هیچ پاسەوانێکی تایبەتی هەبێت ئەو کاتەی لەنێو بەریتانیایە.
فاتیمە شەهید، پارێزەری شازادە هاری لە دادگایی کردنی هاریدا گوتی: لەگەڵ ئەوەی هاری ئامادەی دادگاییەکانی دەبێت، پێویستە  لایەنە مرۆییەکەی ئەم پرسە لەبیر نەکەین، ئەو کەسەی لە پشتمەوەیە، ژیان و سەلامەتی و ئاسایشی لە مەترسیدایە.
ئەو پارێزەرە لە دادگاییەکە ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ئەوەی کردبوو هەوڵی کوشتنی شازادە هاری دەدات، گوتیشی: ساڵی 2023، بە ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی زۆر پڕ لە مەترسی دوای هاری و میگانی هاوسەری کەوتن لە نیویۆرک، ئەو ڕووداوەش وێنەی گیراوە و تۆمار کراوە.
شازادە هاری ساڵی 2020 دەستبەرداری ئەرکەکانی بوو لە کۆشکی شاهانەی بەریتانیا، ئێستا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەیدا دەژیت.