ئابووریناسانی عێراق هۆشداریی لە دابەزینی نرخی نەوت دەدەن
نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان گەیشتووەتە کەمتر لەو نرخەی حکوومەتی عێراق لە بودجەدا دیاری کردووە، ئابووریناسانیش دەڵێن: دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار، دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە و حکوومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی ناچارە، بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکات.
چاودێرێک پێیوایە، حکوومەتی عێراق بۆ چارەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، ناچارە بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە یاخوود پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات.
دۆخی دارایی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک کەس ئاواتی پێناخوازێت، نرخی نەوت لە دەوروبەری 65 دۆلار یاریی دەکات،ئەمەش کەمترە لەو نرخەی لە بودجەدا بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە، ئەم ناسەقامگیرییەی نرخ، ترسی لای چاودێران دروست کردووە و دەڵێن: گەر دۆخەکە وا بڕوات، عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی دابەزینی نرخی نەوت ناچارە بەرهەمهێنان زیاد بکات.
سەڵاح بوشی، چاودێری ئابووری و نەوت دەڵێت: ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکوومەتی عێراق دارایی دەبن و دەبنە هۆی لاوازیی دامەزراوە و کەرتە ئابوورییەکان، ئەم دۆخەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە پێویستی بە ستراتیجییەکی وردە بۆ ڕزگاربوون لێی. گرنگە حکوومەت هەندێک ڕێکاری دیکە بگرێتەبەر لەوانەش زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.
لە لایەکی دیکەوە، چاودێران بەدووری دەزانن لەم کاتەدا دەست بۆ یەدەگی فیدراڵی ببرێت، بەڵکو ڕەنگە حکوومەت دەست بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار ببات،ئەمەش دەبێتە کارەسات بۆ هاووڵاتیان.
ئەحمەد ئەنساری، ئابووریناسیش دەڵێت: بەدووری دەزانم حکوومەت پەنا بۆ یەدەگی فیدراڵی ببات، چونکە ئەوە یەدەگی ستراتیجییە بۆ دۆخی زۆر هەستیارە، بەڵام ئەگەری هەیە بەهای دۆلار بەرز بکرێتەوە یاخود پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببرێت.
هەندێک لە ئابووریناسان پێشبینی ئەوە دەکەن، گەر نرخی نەوت بەردەوام بێت لە دابەزین، ڕەنگە دابەشکردنی مووچکە لە 30 ڕۆژەوە بگاتە 40 رۆژ، چونکە کورتهێنان لە داهاتی حکوومەت دروست دەبێت.