هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاروانێکی دیکەی سەربازیی گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازیی و لۆجستی کە لە 32 بارهەڵگر پێک دێت، لە دەروازەی ئەلوەلیدەوە گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان.
وەک بڵاو کراوەتەوە، ئەو کاروانە سەربازییەی هاوپەیمانان بریتی بوون لە تەنکەر و زریپۆش و چەک، لەگەڵ مووەلیدەی کارەبا، سەرباری هاوکاریی لۆجستی، سەرجەم ئەو هاوکارییانەشیان گەیاندە بنکەیەکی سەربازیی خۆیان لە پارێزگای ڕمێلان.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کردووە، تەنها لەم هەفتەیەدا، ئەمە دووەم جارە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی سەربازیی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، دەڵێت:هاوپەیمانییەکە لە 8ـی ئەم مانگە(نیسان)، 20 بارهەڵگری دیکەی سەربازیی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و لە بنکەی قەسرۆکی دەورووبەری حەسەکە جێگیر کران.