بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: کەمی باران کاریگەریی لەسەر بەرهەمە سپیاییەکان نەبووە

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: کەمی بارانی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر کەمبوونی بەرهەمی سپیایی نابێت، چونکە ئاژەڵدارەکان پشت بە ئالیک دەبەستن بۆ ئاژەڵەکانیان.
پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ بە گشتیی ڕێژەیی بارانبارین کەمتر بوو، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چەندین لایەنەوە دروست دەکات و دەبێتە هۆی گرانبوونی ئالیک.
فیراس سدیق گوتیشی: کەمی باران نەبوونی لەوەڕگا بۆ ئاژەڵان کاریگەریی لەسەر کەمی بەرهەمە سپییەکان دروست ناکات، چونکە ناچار دەبن زیاتر پشت بە ئالیک ببەسترێ، بەڵام دەبێتە هۆی گرانبوونی ئالیک و کا.
باس لەوە دەکات، دوای دورێنەکردن کا بەرهەم دێت، بەڵام ئەمساڵ پێشبێنی دەکرێت کەمتربێت و ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی و ئەمە جگە لە گرانبوونی جۆ.
لە مانگی سێی هەموو ساڵێک بەرهەمە سپیاییەکان بە تایبەتی ماست و شیر دەکەوێتەوە بازاڕەوە.
لە هەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووک و 250 هەزار ئاژەڵی گەورە هەیە.