ئاسایشی هەولێر خاوەنی کۆمپانیای 'توانا ئێف ئێکس'ـی دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: بە فەرمانی  دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار (ت ، س، ع) خاوەنی کۆمپانیای (توانا ئێف ئێکس)ـمان دەستگیر کرد.

پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیکردنی خاوەنی کۆمپانیای 'توانا ئیف ئێکس'ـی ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەڵێت: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار (ت، س، ع) خاوەنی کۆمپانیای (توانا ئێف ئێکس)، بە تۆمەتی فریوودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشەکردن بۆ دراوی ئەلیکترۆنی فۆڕێکس (FOREX) دەستگیر کرا.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، دەرکەوت تۆمەتبارەکە هیچ مۆڵەتێکی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نییە.

ئاسایشی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، بازرگانیکردن بە فۆڕێکس (FOREX) نایاساییە و ڕێگەپێدراو نییە و بە هەدەردانی پارە و سامانی هاونیشتمانییانە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە بازرگانی و مامەڵەکردنانە، تاوەکوو سامانیان پارێزراو بێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment