به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر و حكوومه‌تی سووریا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوی تشرین ڕێك كه‌وتن

بەنداوی تشرین
بەنداوی تشرین

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوێكی ستراتیجیی له‌ باكووری سووریا ڕێك ده‌كه‌ون؛ ده‌گوترێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌شێكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی دووقۆڵی نێوان فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا.

پێنجشه‌ممه‌، 10ـی نیسانی 2025، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر به‌ مێدیاكانی گوت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان و حكوومه‌تی سووریا سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوی تشرین به‌ شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش ڕێك كه‌وتوون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتوویه‌تی، هه‌ردوولا ڕێك كه‌وتوون هێزه‌كانی سووریای دیموكرات  (هه‌سه‌ده‌) به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ناوچه‌ی به‌نداوه‌كه‌ بكشێنه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هێزی ئاسایشیی گشتیی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی نوێی دیمه‌شق.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتووشیه‌تی، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ به‌شێكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كه‌ له‌ 11ـی ئاداری ئه‌م ساڵدا واژۆیان كرد.

 
Fly Erbil Advertisment