جیهان چاوی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سبەی نێوان ئێران و ئەمەریکایە

جیهان چاوی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سبەی شەممەی نێوان شاندی دانووستنکاری ئێران و ئەمەریکایە، بەشێک لە ئەمەریکییەکان پێیان وایە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نابێت بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێکیش پێیان وایە، ئەمەریکا و ئیسرائیل نیازی کردەی سەربازیان دژی ئێران زیاترە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە دیپلۆماتکارانی ئەورووپاوە وەری گرتووە و بڵاوی کردووەتەوە، بڕیاری ئەمەریکا بە پچڕاندنی گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لەبارەی پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، دەنگی ناڕەزایی بەرز دەکاتەوە، واشدەکات بژاردەی پرۆسەی سەربازیی دژی ئێران، زۆر چاوەڕوانکراو بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دانووستان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا گوتی: ئێران بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی داهاتوو،  لە نیازی لایەنی بەرامبەر دەڕوانێت.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش ئاشکرای کردووە، هێلی سووری ئێران لە دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا ئەوەیە، شاندی ئەمەریکا زمانی هەڕەشە بەکار نەهێنن.

ئاژانسەکە دەڵێت: ئێران هەموو زێدەڕۆییەک لە داواکارییەکان و لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی ڕەت دەکاتەوە، هۆشداریش دەدات لەوەی پرسی پیشەسازییەکانی بەرگریی ئێران لە دانووستانەکان گفتوگۆنەکەن.

هەمان کات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئێران دەرفەتێکی ڕاستەقینە بە واشنتن دەدات بۆ گفتوگۆکان.

سەرچاوە ئەمەریکیکییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بڕیاری ئەوە بدات بەردەوامی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات بەهۆی ئەو ململانێ سەربازییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

وەک ئامادەکارییەک لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی ئێران لەگەڵی، ئەمەریکا هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، وەک فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کەشتییەکی دیکەی فڕۆکە هەڵگرییان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، سێنتکۆم دەڵێت: کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Carl Vinson (CVN 70)  کە فڕۆکە جەنگییەکانی F-35C Lightning II لەخۆدەگرێت، لەگەڵ کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Harry S. Truman (CVN 75) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نزیکی شەڕ لە ناوچەکە.

دووشەممەی ڕابردوو، 7ـی نیسانی 2025، پاش کۆبوونەوەی دوو قۆڵیان لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی گوت: دانووستانی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە و تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، چاوەڕێین بزانین بەکوێ دەگەین، ترەمپ گوتی: ڕێککەوتن باشترە لە بژاردەی دیکە، دەکرێ خۆمان لە بژاردەی دیکەی جگەلە ڕێککەوتن  بەدوور بگرین، ئێستا فڕۆکەی B2  لەناوچەیەکی زۆر مەترسیدایە، هیوادارین ئەو گفتوگۆیانە سەرکەوتوو بێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئێراندایە.