مەسرور بارزانی و ڕوبیۆ جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە دەکەنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

هاوکات هاوڕاشبوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.

مەسرور بارزانی و مارکۆ ڕوبیۆ، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment