دۆناڵد ترەمپ: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکانی مەسقەت لەنێوان عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران کە پێدەچێت کۆبوونەوەیەکی زەحمەت بێت، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا(ئێر فۆرس وەن)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دەمەوێت ئێران وڵاتێکی خاوەن شکۆ و جوان و پڕ لە خۆشگوزەرانی بێت، بەڵام ڕێگە نادەم ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
پێگەی ئەکسیۆسی هەواڵیی ئەمەریکا بڵاوی کردبووەوە، بە قسەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە سازش بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران لەبارەی پرۆژە ئەتۆمییەکەی ڕێک بکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ پێداگرە لەوەی، پێویستە بەخێرایی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگینا ڕووبەڕووی هێرشی سەربازیی دەبێتەوە، بەڵام تاران باوەڕ بە سەرۆکی ئەمەریکا ناکات کە لە ویلایەتی پێشووی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پەشیمان بووەوە.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ شاندی ئێران لەبارەی پرۆژەی چەکی ئەتۆمی گوتی: هێلی سووری دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە، ڕێگریی لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئێران بکات.
ویتکۆڤ دەڵێت: داوای یەکەم لە ئێران ئەوەیە، لە پرۆژە ئەتۆمییەکەی دوور کەوێتەوە .
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێویستیشی زانی، هەندێ سازش بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران بگەیەنە ڕێککەوتن، دەڵێت: بڕیاری ئێمە ئەوەیە پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو ببەین.
ستیڤ ویتکۆف گوتی: ئەوە مانای ئەوە نییە هیچ ڕێگەیەکی دیکە شک نابەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025، شاندی ئێران بەسەرۆکایەتیی عەباس عراقچی. وەزیری دەرەوە، شاندی ئەمەریکاش بەسەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە مەسقەت، بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ و دیالۆگ بکەن لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران، جیهان ئەمڕۆ  چاوی لە ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.