ئەمەریکا پلانی هەیە ئۆکرانیا لە نێوان ئەورووپا و ڕووسیا دابەش بکات

نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، بیرۆکەی بڵاو کردنەوەی هێزەکانی ئەورووپای لە ڕۆژئاوا و سوپای ڕووسیاش لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمەش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ مۆسکۆ دەبێت.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کیت کیلۆگ، گوتوویەتی: "هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا دەتوانن وەک بەشێک لە هێزی دڵنیاکەرەوە لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا جێگیر دەکرێن، هەروەها سوپای ڕووسیاش لە ڕۆژهەڵات جێگیر دەکرێت،  هێزەکانی ئۆکرانیاش لە نێوانیاندا دەبن بەدرێژایی ئەو ناوچانەی ناکۆکیی سەربازییان تێدا نییە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو هێزەی کە بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ، سەرکردایەتی دەکەن بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی بێزارکردنی مۆسکۆ."

ڕووباری دنیپرۆ، ئۆکرانیا بۆ باکوور و باشوور دابەش دەکات و بە کیێڤدا تێدەپەڕێت.

نوێنەرەکەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، ئۆکرانیا وڵاتێکی گەورەیە دەتوانێت چەندین سوپا لەخۆبگرێت، کە هەموویان بەدوای جێبەجێکردنی ئاگربەستن.

ڕوونیشی کردەوە، ئەمەریکا لەگەڵ ئەو هێزانە بەشدار نابێت کە پێشنیازیان کردووە.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لێدوانەکانی نوێنەری ئەمەریکای بە "پلانێک بۆ دابەشکردنی ئۆکرانیا" وەسف کرد، بەڵام نوێنەرەکە ڕەتی کردەوە ئەمە ئامانجی پێشنیازەکەی بێت.

کیلۆگ، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ڕۆژنامەی تایمز چەواشەکاریی لە قسەکانی مندا کردووە، من باسی هێزێکی بەردەوامی دوای ئاگربەستم کردووە بۆ پشتیوانیی لە سەروەری ئۆکرانیا."

لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ هاتووەتە سەردەسەڵات، هەوڵی ئەوە دەدات کۆتایی بەشەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا بهێنێت، لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی کۆبووەتەوە و بەتەلەفۆنیش تاوتویی ئاگربەستی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین کردووە.
 

پێشنیازی دابەشکردنەکە بەپێی ئەو خشتەیە دەبێت