سەرۆکی وەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
هاوکات باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ هەولێر "لە چوارچێوەی پرەنسیپی پەیوەندی و گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دێت و حکوومەت دەیەوێت ئەم پرەنسیپە لەگەڵ سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیدا بپارێزێت."
لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عەوادی گوتی "سوودانی گفتوگۆ و ڕاوێژ دەکات کە بریتییە لە پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان."
سوودانی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق چوار جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دواهەمین جاریان، ڕۆژی 13-11-2024، بوو. ئەو کات لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەدا، باسیان لە کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچە لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە. هاوکات دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
دیمەنی پێشوازیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە سەرۆک وەزیران سوودانی.