سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆ بووەوە.
وا بڕیارە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، بۆ تاوتوێکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، گرنگە. کۆبوونەوەکانی ڕابردووش ئەنجامی باشیان هەبووە. جەخت دەکەینەوە دانیشتن و گفتوگۆ، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کێشەکان چارە بکەین."
گوتەبێژی حکـوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "خواستی ئێمەیە لە گۆڕانکاریی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا، ئێمەش ڕۆڵمان لە سەقامگیریی عێراق هەبێت، لە پاڵ ئەمەشدا حکوومەتی فیدراڵ، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دەستوور بکاتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان."
لە لایەکی دیکەوە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ هەولێر "لە چوارچێوەی پرەنسیپی پەیوەندی و گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دێت و حکوومەت دەیەوێت ئەم پرەنسیپە لەگەڵ سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیدا بپارێزێت."
لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عەوادی گوتی "سوودانی گفتوگۆ و ڕاوێژ دەکات کە بریتییە لە پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان."
سوودانی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق چوار جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دواهەمین جاریان، ڕۆژی 13-11-2024، بوو. ئەو کات لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.


