دانا جەزا: سەردانەکەی سوودانی پەیامێکی گرنگە و قورسایی هەرێمی کوردستان دەردەخات

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر گرنگە و لەکاتێکی گرنگیشدایە؛ لەم کاتەدا پەیامێکی گرنگە نیشانەی قورسایی هەرێمی کوردستانە.

دانا جەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە گەشتێکی هەواڵەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر گرنگە و لەکاتێکی گرنگیشدایە، چونکە بابەتێک هەیە کە پەیوەندی بەخودی ناوخۆی عێراقەوە هەیە، ئەویش پرسی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتدان، کە لەلایەن ئەمەریکاوە بوون بە هەڕەشە و مەترسی.

دانا جەزا، ئاماژەی بەوەش دا، سەردانەکەی سوودانی لەم کاتەدا پەیامێکی گرنگ و نیشانەی قورسایی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێت لەم قۆناغەدا پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر نزیک بێت، هەروەها ئەو هەڕەشانەی ئێستا لەسەر عێراق هەن جیددین.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو گوتیشی: نزیکی هەرێم و عێراق لە دوو ئاراستەوەیە، یەکێکیان وەکوو حکوومەت هەردوو لا لێک نزیکن، سوودانی کەسایەتییەکی توندڕەو نییە، تاڕادەیەک تێگەیشتنی بۆ دۆخی سیاسیی عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی کیشەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی عێراقیش دروست کردووە، ئەو هێزانەن کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتن و بە فەرمانی دەرەوەی عێراق دەجووڵێنەوە.

دەشڵێت: ئەو هێزانە چەکیان هەیە بەڵام بۆ خزمەتی عێراق بەکاری ناهێنن، ئەمەش وای کردووە عێراق نەبێتە خاوەنی بڕیاری کۆتایی خۆی، هەروەها عێراق ستراتیجێکی ڕوونی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا نییە. بۆ نموونە عێراق پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ نییە، تەنیا پەیوەندی شوێنپێ کەوتنە. بۆیە نەیتوانییوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوونەکان و بەشێک لەسەدرییەکان کێشەکان چارەسەر بکات.

دانا جەزا، باسی لەوەش کرد، دەبێت متمانە لە نێوان هەردوولا دروست بکرێتەوە و دەستوور وەکوو خۆی جێبەجی بکرێت، واتە ماف و ئەرکەکان بە پێی دەستوور دابەش بکرێن، هەروەها دەبێت عێراق لەو کۆتوبەندە ڕزگار بکات کە شوێنی وڵاتێک بکەوێت و بڕیاری لەدەرەوە بۆ بێت.