سەرۆک بارزانی و سوودانی: پێویستە بە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان قەیرانەکان تێ بپەڕێنرێن
شەممە، 12-04-2025، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق كرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا."
سەرۆک بارزانی و سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس کراوە جەختیان "لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە."
پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئـەوەی خستووەتە ڕوو "لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە کۆی گشتیی بارودۆخ و پرسەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیدا کرا، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکوومەت بە بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا."
ئاماژە بەوەش دراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا "میکانیزمەکانی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هاوکاریی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە شایستە نیشتمانییەکان، باس کرا."
سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای لێ کردن پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
ئەمە پێنجەمین سەردانی محەممەد شیاع سوودانییە بۆ هەرێمی کوردستان لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق. دواهەمین جاریان، ڕۆژی 13-11-2024، بوو.