سوودانی: پشتیوانیی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: سوودانی و سەرۆک بارزانی، پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان تاوتوێ کردووە.
شەممە، 12-04-2025، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئـەوەی خستووەتە ڕوو "لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە کۆی گشتیی بارودۆخ و پرسەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیدا کرا، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکوومەت بە بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا."
ئاماژە بەوەش دراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا "میکانیزمەکانی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هاوکاریی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە شایستە نیشتمانییەکان، باس کرا."
سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای لێ کردن پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سوودانی، ئاماژەی بەوە داوە "لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا."
سەرۆک بارزانی و سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس کراوە، "جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە."
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
دواتر هەردوو سەرۆک وەزیران لە هۆڵی پێشوازیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ماوەی نزیکەی 15 خولەک گفتوگۆیان کرد. پاشان سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو پیرمام بەڕێکەوت و لەوێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.