وەزیری پیشەسازی: تێچووی بەرهەمهێنان لە عێراق بەرزە بۆیە ناتوانێت کێبڕکێی بەرهەمەکانی تورکیا و ئێران بکات

وەزیری پیشەسازی عێراق ڕایگەیاند، کێبڕکێی بەرهەمە ناوخۆییەکان لەگەڵ کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت چین زۆر سەختە، چونکە تێچووی بەرهەمەکانی دەرەوە کەمترە بەرارورد بەرهەمەکانی ناوخۆی عێراق.

شەممە، 12ـی نیسانی 2025، خالید بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی "هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت" کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتی: ئێمە لە لایەن ئەو وڵاتانەی کیشەی ئابووریان دەورەدراوین، جەختیشی کردەوە، "زۆرینەی هاوردەکردنەکانی عێراق، لە ئێران و تورکیا و چینەوەیە،"

ئاماژەی بەوەش کرد، "تومەنی ئێرانی داڕماوە، تێچووی بەرهەمهێنان لەوێ زۆر کەمترە لە عێراق، بۆ نموونە تێچووی وزەی کارپێکردنی بەڕێوەبردنی هەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی لەو وڵاتەدا نزیکەی لەسەدا 30ـی تێچووی بەرهەمهێنانە.|

وەزیری پیشەسازی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەو گەمارۆ ئابوورییەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، بووەتە هۆی دابەزینی تێچووی بەرهەمهێنان، هاوشێوەی دۆخی عێراقە کە لەساڵی نەوەدەکاندا لە ژێر گەماڕۆدابوو، هەروەها لە تورکیاش بەهای دراوی لیرە دابەزیووە، سووریاش دەچێتە پاڵ ئەم دوو وڵاتە ئەگەر دۆخی ئەوێ سەقامگیر بێت، ئێمەش مامەلەیان لەگەڵ دەکەین و بەرهەمەکانی سووریاش دەهێنینە بازاڕی عێراقەوە.

وەزیری پیشەسازی عێراق ڕوونیشی کردەوە، "کێبڕکێکە بەهۆی بەرزی تێچووی بەرهەمهێنانە لە عێراق، ئەمە جگە لەوەی دراوەکانمان بە بەراورد بە دۆلاری ئەمەریکی چیاوازە."