دوو خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژران

شەوی رابردوو لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بە سەختی بریندار ببوون

 

K24 - بەغدا

بەیانیی ئەمڕۆ دوو خۆپیشاندەر بەهۆی سەختیی برینەکانیان لە بەغدا گیانیان لەدەستدا.

شەوی رابردوو (یەکشەممە، 26-7-2020) خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا دەستیپێکردەوە و بەپێی سەرچاوە تەندروستییەکان کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، دوو لەو خۆپیشاندەرانەی شەوی رابردوو بریندار بوون، بەیانیی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە.

لەوەتەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکار بووە لە مانگی ئایار، ئەمە یەکەمجارە خۆپیشاندەران لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێن، لەکاتێکدا کازمی پەیمانی بە خۆپیشاندەران دابوو گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات.

لەکاتێکدا عێراق یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە نەوت، داواکاریی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوو، هەمان داواکارییەکانی پێشوویانە: دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

شەوی رابردوو هەزاران کەس لە دانیشتووانی بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی شارەکە، لە دژی نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هێزە ئەمنییەکانیش رووبەڕوویان بوونەوە، بەو هۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.

جگە لە بەغدا، خۆپیشاندان چەند شارێکی دیکەی عێراقی گرتووەتەوە و ژمارەیەك چالاکوانی نێو خۆپیشاندانەكان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرایان کردووە ئەمڕۆش درێژە بە ناڕەزایەتییەکان دەدەن.