عێراق پێشوازیی لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازیی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا کرد و خوازیارە دانوستانەکان ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

وەزارەتەکە دەڵێت: پێشوازیی لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکەین و پاڵپشتیی لە چارەی دیپلۆماسی دەکەین، کە باشترین ڕێگەیە بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیریی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، لە ئاییندەیکی نزیکدا ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی متمانە لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا.

هاوکات هیواخوازیشە دانوستانەکان لە بەرژوەندیی گەلانی ناوچەکە بێت و بشبێتە بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان کۆبوونەوەیەکی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام دا.

کۆشکی سپی، لەبارەی کۆبوونەوەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی نێوان هەردوولا ئەرێنی و بنیاتنەر بوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کرابوو، ویتکۆف دڵنیایی دایە عراقچی کە ڕێنمایی لە ترەمپ وەرگرتووە بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی دیالۆگەوە.

کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەش دا، عراقچی و ویتکۆف ڕێککەوتن کە دووبارە شەممەی داهاتوو پێکەوە کۆببنەوە.