سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی دەستی لەکار کێشایەوە
حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، دەست لەکارکیشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانی ڕاگەیاند.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، حەسەن توران، لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەی خۆم لە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانی عێراقی پێشکەش کردووە، هیوادارم ئەوەی لەجێگەکەم دەست بەکار دەبێت سەرکەوتوو بێت و منیش هاوکار دەبم.
گوتیشی: بەڵێن بە هەموو ڕۆلەکانی تورکمان دەدەم، کە دەبمە سەربازێکی بەرگریکار لە قەزیەی تورکمان و سوور دەبم لەسەر یەکپارچەیی وڵاتەکەمان و پابەندیش دەبم بە بنەماکانی بەرەی تورکمانی عێراقی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی بەرەی تورکمانی پەیوەندیی بە ناکۆکی و ململانێی نێوان باڵەکانی ناوخۆی بەرەکەوەیە.
هەروەها بڕیارە سبەینێ دووشەممە 14ی نیسانی 2025، مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق لە کەرکووک کۆ ببێتەوە و بە بڕیاری ئەندامانی مەکتەبەکە محەممەد سەمعان ئۆغڵو، گوتەبێژی بەرەکە ڕاسپێردرێت و بەوەکالەت کاروبارەکانی سەرۆکی بەرەی تورکمان هەڵسوڕێنێت تاوەکوو کۆنگرە دەبەسترێت.
