ڕووفاتی 40 ئەنفالکراوی دیکەی کورد دۆزرایهوه

سبەی یادی ئەنفالی گەرمیان و چەمچەماڵ بەڕێوە دەچێت و بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش دەڵێت: ڕووفاتی 40 ئەنفالکراوی دیکە دۆزراونەتەوە.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهید و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا ڕووفاتی سێ هەزار659 ئەنفالکراو دۆزراوەتەوە کە زۆرترینیان لە سلێمانی و گەرمیانن، لە دوای ئەوانیش لە بارزان و کەمترینییان لە دەڤەری بادینانن.
گوتیشی: ڕوفاتی 40 ئەنفالکراوی کورد لە تۆپزاوەی کەرکووک دۆزراوەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە و هەڵنەدراوەتەوە، چاوەڕێی وەزارەتی شەهیدانی عێراقین، چونکە دەبێت بە هەماهەنگی بکرێت.
باسی لەوەش کرد، سبەی دووشەممە لە شارەدێی سەرسنگی پارێزگای دهۆک گۆڕی 12 کەس هەڵدەدرێتەوە، کە لە کاتی ئەنفالی بادینان ویستوویانە هەڵبێن، بەڵام هەر لەوێ کوژراون.
لەلای خۆیەوە ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند: سبەی 14ـی نیسان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 37ساڵ بەسەر ئەنفالی گەرمیان و چەمچەماڵ ، بۆ ماوەی 10ڕۆژ چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و تاوەکوو 20ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: لە 17ـی مانگەوە فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید بەڕێوە دەچێت و دوو ڕۆژ بەردەوامی دەبێت، داوامان لە وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و ئەوقاف و خوێندنی باڵا کردووە گرنگی زیاتری پێ بدرێت و لە گوتاری هەینیدا مامۆستایانی ئایینی بابەتی جینۆسایدی ئەنفال باس بکەن.