سەرۆک بارزانی: پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردستانە
سەرۆك بارزانی، پێشوازیی لە شاندێكی هاوبەشی پەرلەمانی بەریتانیا و پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندێكی هاوبەشی پەرلەمانی بەریتانیا و پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا كرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ شاندی میوان ستایشی ئارامی و سەقامگیری و پێشڤەچوونانەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە 30 ساڵی ڕابردوودا هاتووەتە ئاراوە و سەرسامیی خۆشیان بە هەبوونی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دەربڕی. هەروەها لەو دیدارەدا پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی نەهامەتی و ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێشخەری و پێشڤەچوونانەی لە پرۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگەی چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردستانە و فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو و دێرینی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمەریكاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هاوكار و پشتیوانیی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بوونە. داواشی كرد وڵاتانی ئەورووپایی لە بواری چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و پەروەردە و تەكنۆلۆجیا و زانستدا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا، لەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئەندامانی شاندی میوانی دایەوە.
