جەمیل بایک لەبارەی پرۆسەی ئاشتی: مەرجی سەرەکیمان هەڵگرتنی گۆشەگیرییە لەسەر عەبدوڵلا ئۆجەلان

"کەس قبووڵی ناکات چەک دابنێت و بچێتە زیندانەوە"

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)

هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە دووپاتی دەکاتەوە، لە دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی جیددین، بەڵام دەبێت سەرەتا کۆتوبەندی گۆشەگیری زیندان لەسەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت. دەشڵێت: گۆڕانی گەورە و بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (بی بی سی فارسی) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، گوتی: "لە ساڵی 1993ـەوە عەبدوڵلا ئۆجەلان ویستوویەتی چارەسەرێکی دیموکراسی و ئاشتییانە بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا، تورکیا درێژەی بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەنێوبردن داوە."

هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە، باسی لەوەش کرد "ڕۆژی 27ـی شوباتی ئەمساڵ، ئۆجەلان لە پەیامێکدا داوای کرد، پرسی کورد دوور لە توندوتیژی و بە ڕێگەی سیاسی، دیموکراسی و یاسایی چارە بکرێت. ئێمە لەم بابەتەدا زۆر جیددین، بەڵام ئەگەر چەک دابنێین و دواتر بچینە تورکیا، زیندانی دەکرێین. کەس ئەمە قبووڵ ناکات."

جەمیل بایک، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، مەرجی سەرەکییان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا و چەکدانان "هەڵگرتنی گۆشەگیرییە لەسەر عەبدوڵلا ئۆجەلان و پێویستە ڕێگەی پێ بدرێت، بە ئازادنە کار بکات."

بە گوتەی هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە "گۆڕانی گەورە و بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، تورکیاش ترسی لەمە هەبووە و ناچار بووە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بکات."

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە بەم زووانە شاندی دەم پارتی بۆ جاری چوارەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ ببنەوە. 

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."