شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەورووپا: کوردستان بووەتە نموونەیەکی گەشی ئازادی و دیموکراسی
دووشەممە، 14-04-2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) و ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا و پەرلەمانی ئەورووپا کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە "شاندەکە ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کوردستان و قارەمانییەتیی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد" و ئاماژەیان بەوە دا "هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەیەکی گەشی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، ئاماژە بەوەش دراوە، شاندەکە پشتگیریی وڵاتەکانیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی شانشینی یەکگرتوو و وڵاتانی ئەورووپا دەربڕی و تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان."
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆگۆڕ کرا.