پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 14-04-2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد. 

دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، شوان کەلاری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، هەموو ڕاگەیاندراوەکان دەربارەی یادی ئەنفالمان نەخوێندەوە، تەنیا بۆ ئەوەی کێشە و بیانوو دروست نەبێت.

گوتیشی: پارێزگای هەڵەبجە وەک هەر 18 پارێزگای دیکە هەڵەبجە سوودمەند دەبێت لەسەرجەم مافەکان کە حکوومەتی عێڕاق هەیەتی بەرانبەر پارێزگاکان.

هاوکات سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی:  پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکەم بەبۆنەی بوونی هەڵەبجە بە 19 هەمین پارێزگای عێراق، چونکە وەک یەکەم کەس بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێشنیازکرد لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە، هاوکات پیرۆزبایی لە تاک بە تاکی خانەوادەی شەهیدانی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە دەکەم

دەڵێت: لەو خوولەی پەرلەمان هەر لە سەرەتاوە خەریکی ئەو پرۆژەیە بووین، بەربەستی زۆری بۆ دروستکرا، بە هیمەتی دۆستان پرۆژە یاسایاکە پەسەند کرا، بەتایبەتیش دکتۆر شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی شیعە و سوننە، سوپاس بۆ خوادا پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە پەسەند کرا.