ڤیان سەبری: هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگ پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان تێپەڕاند

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا هەڵەبجە بە فەرمی 19 ـیەمین پارێزگای عێراقە، پێویستە هەموو مافە داراییەکانی لە بوودجە جێگیر بکرێت و قوربانیانیش قەرەبووکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گررەنتی دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی کیمبارانی خەڵکی کوردستان دووبارە بێتەوە. 

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی کوردستان24ـیەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەهیدان و خەڵکی هەڵەبجە و خەڵکی کوردستان کرد ، ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی فراکسیۆنە یەکدەست و یەک دەنگ توانیان یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕێنن.

ڤیان سەبری گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆش و ناخۆشە، ڕۆژێک یادی ئەنفال و ڕۆژێک بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیە، ئێستا بە فەرمی هەڵەبجە بووە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، پێویستە هەموو مافە داراییەکانی لە بوودجە دابین بکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی:  پێویستە لە دەستوور ماددەی 132 بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان جێبەجێ بکرێت و جارێکی دیکە ئەو کارەساتانە دووبارە نەبنەوە.

ڤیان سەبری ئاماژەی بەوە کرد: زۆر ڕێگریی لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە کرا، بەڵام دواجار بە پشتیوانی دۆستان  و هێزە سیاسییەکان تێپەڕاندرا، هەندێک لایەنی سوننی و شیعی بیانوویان دروستکرد بۆ تێپەڕاندنی یاساکە، دەڵێت: ناکرێ ئەو پرسانە تێکەڵ بە پرسی هەڵەبجە بکرێت، هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی تێپەڕاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان کرد.

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 14-04-2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد.