ترەمپ: لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەگەینە ڕێککەوتن

دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئێران دەیەوێت لەگەڵمان بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام نازانێت چۆن، لەسەریەشیتی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت.

دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی دانووستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لەبارەی پرۆژەی چەکی ئەتۆمی ، پرسی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا گوتی: لەگەڵ ئێران لە ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە و ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام نازانێت چۆن، چونکە پێویستە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاش گوتی: لە ئایندەیەکی زۆر نزیک چەند پێشنیازێک بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەخرێنە ڕوو، گوتیشی: سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، هەمیشە هەوڵی کڕینی مووشەک دەدات.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی سەپاندنی باجە گومرگییەکان لەسەر چەند وڵاتێک گوتی: ئەو باجانە ئابووری ئەمەریکا بەهێز دەکەن، ئەوەی لە تواناشمدا بێت دەیکەم بۆ سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر، باجی گومرگی دەخەمە سەر دەرمانی هاوردەکراویش، ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک ئەمەریکا بۆ بازرگانی بقۆزێتەوە.