هاكان فیدان و ڕوبیۆ ڕەوشی غەززە و سووریایان تاوتوێ کرد
ئەمەریکا و تورکیا جارێکی دیکە پرسی غەززە و سووریا تاوتوێ دەکەن و پێشووتریش هەردوولا کۆک بوون لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان و خاڵە هاوبەشەکانییان.
دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەنێوان هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشهاتەکانی سووریا و غەززە تاوتوێ کران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەست میدیاکانی ئەو وڵاتە کەوتوون، فیدان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوبیۆ ئەنجام داوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ھەروەھا ڕاوێژ لە بارەی پێشھاتەکانی سووریا و ڕەوشی مرۆیی لە غەززە کراوە، بەڵام زانیاری زیاتر نەخراوەتە ڕوو.
ئەمە جگە لەوەی بەرقەرارکردنی ئاگربەست لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیادا، یەکێکی دیکە بووه لە تەوەری پەیوەنديیە تەلەفۆنییەکەی هەردوولادا.
پێشووتریش تورکیا هاکان فیدان لەبارەی دۆخی غەززە و سووریا ڕایگەیاندبوو: کردەوەکانی ئیسرائیل لە سووریا ڕێگا بۆ ناسەقامگیری یداهاتووی ناوچەکە خۆش دەکات، تورکیا نایەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل لە سووریادا ڕوو بدات.