ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت کۆ دەبنەوە
ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە و دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دەڵێت: ئومێدم زۆرە دەتوانین هەنگاوێکی دیکە بنێنین و لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت نزیک بینەوە.
دڵشاد شەهاب بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، پێشوازیی لە شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین و لە کۆبوونەوەکانی پێشوو لەسەر نەخشە ڕێگەیەکی تۆکمە پێک هاتووین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەتوانم بڵێم زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن.
بە گوێرەی قسەکانی دڵشاد شەهاب، پارتی و یەکێتی لەسەر بەرنامە و ویستی بەشدار بوون لە حکوومەتی نوێ ڕێککەوتوون و گفتوگۆی یەکەمیش لەسەر چۆنێتی و شێوازیی بەشداربوون لە کابینە کراوە، گوتیشی: تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە حکوومەتێک پێک بهێنین لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.
ئاماژەی بەوەش دا "یەکێک لەو پێوەرانەی لە دانوستانەکاندا ڕەچاو دەکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردنە، چونکە دەبێت ڕێز لە دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت." گوتیشی: هەرچەندە لێکگەیشتنی نێوان پارتی و یەکێتی، سنووری ئەم ڕەچاوکردانانە دەبەزێنێت، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە لەم قۆناغەدا حکوومەتی بەهێز لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان و گۆڕانکارییەکان پێک بهێنین.
ڕاشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لەلای خۆیەوە بەرنامەی هەیە و بە هەمانشێوەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئەمڕۆ دانوستان دەکەین، ئومێدم زۆرە هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێش بچین و لە پێکهێنانی کابینە نزیکتر بینەوە.