کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکانی کابینەی دەیەم دەستی پێ کرد.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کاتژمێر 10:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15-04-2025، کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 کە لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادەیە، لە کۆبوونەوەی ئەم جارەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی، باس لە دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان:
1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.
3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
ئەندامانی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
1. قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.
2. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.
3. دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
"زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن"
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەکانی پێشوو، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر نەخشە ڕێگەیەکی تۆکمە پێک هاتووین. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەتوانم بڵێم زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن."
بە گوتەی دڵشاد شەهاب "پارتی و یەکێتی لەسەر بەرنامە و ویستی بەشداربوون لە حکوومەتی نوێ ڕێککەوتوون و گفتوگۆی یەکەمیش لەسەر چۆنێتی و شێوازیی بەشداربوون لە کابینە کراوە." گوتیشی: "تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە حکوومەتێک پێک بهێنین لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت."
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی ئاماژەی بەوەش دا "یەکێک لەو پێوەرانەی لە دانوستانەکاندا ڕەچاو دەکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردنە، چونکە دەبێت ڕێز لە دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت. هەرچەندە لێکگەیشتنی نێوان پارتی و یەکێتی، سنووری ئەم ڕەچاوکردانانە دەبەزێنێت، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە لەم قۆناغەدا حکوومەتی بەهێز لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان و گۆڕانکارییەکان پێک بهێنین."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.
لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.