مەسرور بارزانی: پێویستە پێش هەڵبژاردنی عێراق حکوومەتی نوێ پێک بهێنرێت

سێشەممە، 15-04-2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتيی ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لە زووترین کات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق، كردەوە."

 

وێنەی کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران و شاندە ئەمەریکییەکە (وێنە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان)

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نابێت پرۆسەکە چیتر دوا بکەوێت، چونکە زیانێکی زۆری بە داهات و بودجەی گشتیی فیدراڵی گەیاندووە."

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، "جەخت لە گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان کرایەوە."