پارتی و یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەی پیرمام: هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە

هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ڕایدەگەیەنن، کۆبوونەوەی پیرمام لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت: هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە.

سێشەممە، 15-04-2025، هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کۆ بوونەوە. 

 کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15-04-2025، دەستی پێ کرد و کاتژمێر 11:45 خولەکی پێشنیوەڕۆ کۆتایی هات، واتا نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە. 

پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردووەتەوە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە." باس لەوەش کراوە "لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن."

ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان:

1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی. 

4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.

ئەندامانی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

1.  قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.

2.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.

3.  دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. 

4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.

لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.